|
ئەمڕۆ 17/2/2010 د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاویکەوت بەباڵیۆز ناجی ئەحمەد شەلغەمی نوێنەری کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی لەبەغدا.
لەدیدارێکدا نوێنەری کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی لەبەغدا سڵاوی ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێز عەمرو موسا- ی گەیاندە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دڵخۆشی خۆشی بەرامبەر پێشکەوتنی سیاسیی و ئابووری کوردستان پیشاندا، دواشیکرد بەزوویی کاربکرێت بۆ گواستنەوەی ئەزموونی هەرێم بۆ ناوچەکانی تری عیراق.
باڵیۆز ناجی ئەحمەد شەڵغەمی ئاماژەی بەوەشدا کە کوردستان بەشێکی هەرەسەرکی پێکهاتەی عیراقەو رۆڵێکی گرنگیشی بینیوە لەسەرکەوتنی پرۆسەی سیاسیی و سەقامگیری وڵاتدا، بەهۆی جێگیری ئاسایشی کوردستانیش پێشنیازیکرد کۆنگرەی پیاوانی کاری عەرەبی بەهاوکاری کۆمەڵەی وڵاتانی عەرب و حکومەتی هەرێم لەهەولێر ببەسترێت بۆ دۆزینەوەی پردی پەیوەندی بەهێزی ئابووری و بازرگانی.
نوێنەری کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب لەبەغدا باسی لەوەشکرد کەژمارەیەک کۆنسوڵخانەی وڵاتانی رۆژئاوا لەهەولێر هەن، بەڵام تائێستا کۆنسوڵخانەی هیچ وڵاتێکی عەرەبی تێدا نەکراوەتەوە.
د. بەرهەم ساڵح لەلایەن خۆیەوە سوپاسی بەرێز عەمرو موسا ئەمینداری کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کردو دوپاتیکردەوە کەئەزموونی هەرێم، بەشێکی سەرەکی عیراقە، سەرکەوتن و گەشەکردنی لەقازانجی هەموو عیراقە، بۆیە پێویست دەکات پەیوەندیەکان لەئاستێکی باشتر دابن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە گرفتەکان چارەسەر بکەین.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کەئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانیەکن، بەتایبەتی بۆ چەند چالاکیەکی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب لەهەرێمی کوردستاندا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری قوڵکردنەوەی پەیوەندیەکان.
|