|
ئەمڕۆ 15/2/2010 شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەگەرمی پێشوازیکرد لەد.بەرهەم ئەحمەد ێاڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەفدی هاوڕێی و سەبارەت بەگەشەپێدانی پەیوەندی سیاسیی و ئابووری و نێوان هەرێم و ئیمارات و زەمینە خۆشکردن لەبەردەم وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری هاوبەش گفتوگۆ کرا.
لەو دیدارەدا وزیری دەرەوەی ئیمارات خۆشحاڵی خۆی و حکومەتەکەی بەسەردانی د. بەرهەم و وەفدی هاوڕێی دەربڕی و تەئکیدی کردەوە کەئیمارات خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیەتی بەعیراق و هەرێمی کوردستان. راشیگەیاند کەدوابەدوای ئەو سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەداهاتوویەکی گونجاودا وڵاتی ئیمارات وەفدێکی باڵای حکومی و ژماریەک گەورە بازرگانی خۆیان دەنێرێتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەنزیکەوە گفتوگۆو دانوستان سەبارەت بەرەخساندنی هەلی وەبەرهێنان و هاوکاری ئابووری و بەشداری کۆمپانیا ئیماراتیەکان لەپرۆسەی بوژانەوەو ئاوەدانکردنەوەدا بکرێت.
هەر لەمیانەی ئەو دیدارەدا د. بەرهەم پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقی لەگەڵ وڵاتی ئیمارات و سەرجەم وڵاتانی عەرەبی بەگرنگ وەسف کرد، باسی لەوەش کرد کەدۆخی سیاسیی و ئەمنی کوردستان لەبارو جێگیرەو چەندین کونسولخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان، لەهەولێری پایەتەخت کراونەتەوەو کوردستان وەکو دەروازەی هەموو عیراق سەیر دەکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوایکرد وڵاتی ئیمارات، هەرێمی کوردستان وەکو بەشێکی سەرەکی و گرنگی عیراق سەیر بکات و بەجدی بیر لەوە بکرێتەوە نوێنەرایەتی خۆی لەکاتێکی گونجاودا لەهەرێمی کوردستان بکاتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردولا بچێتە قۆناغێکی عەمەلی ترو بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانیش زیاتر گەشە بکات.
هەر ئەمرۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەفدی هاوڕێی سەردانی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی و شیخ سوڵتان ئەلقاسمی حاکمی شاریقەیان کرد.
لەدوو دیداری جیادا سەبارەت بەچۆنیەتی گەشەپێدانی پەیوەندی سیاسیی و ئابووری و هاوکاریکردنی بواری زانکۆیی و خوێندنی باڵا گفتوگۆ کرا، هەردولا لەسەر دانانی رێوشوێنی دیارکراو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکان و بەشداری وڵاتی ئیمارات لەپرۆسەی ئاوەدانی و وەبەرهێنان لەعیراق و هەرێمی کوردستان هاوڕا بوون.
هەر لەمیانەی ئەو دوو دیدارەدا باس لەئەنجامدانی کۆنفرانسێکی تایبەت بەوەبەرهێنان و هاوکاری بازگانی ئابووری کرا.
دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی زانکۆی ئەمریکی لەشاریقە کرد.
|