|
ئەمڕۆ 15/1/2010 د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یاوەرى کامەران ئەحمەد وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و بەرپرسى فەرمانگەکانى سلێمانى، سەردانى چەند پرۆژەیەکى شارى سلێمانى کرد لەوانە پرۆژەى خزمەتگوزارى بۆ ناوچەى پیشەسازی سلێمانى و پرۆژەى دروستکردنى خانووى مامۆستایانى زانکۆ و لە نزیکەوە ئاگاداری بەڕێوەچوونى پرۆژەکان بوو.
لە بەسەرکردنەوەى پرۆژەکاندا ئاگاداریی وردەکارى پرۆژەکان بوو و لە کێشە و گرفتەکانى کۆڵییەوە و بەڕێوەبەر و بەرپرسى فەرمانگەکانى راسپارد کە بە شێوەیەکى باشتر و خێراتر پرۆژەکان ئەنجام بدرێن بەو جۆرەى ببێتە مایەى خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتیان و پێداویستى و گرفتە خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکرێن.
هەروا لەگەل بەرپرس و بەڕێوەبەرى فەرمانگەکان و سەرپەرشتیارى پرۆژەکاندا گفتوگۆى کرد لە بارەى چۆنیەتى باشتر ئەنجامدانى پرۆژەکان و چارەسەرکردنى ئەو کێشە و گرفتانەى دێتە بەردەم بەڕێوەچوونى پرۆژەکان و تەئکیدی کردەوە کە دەبێت پرۆژەکان بە شێوەیەکى خێراتر و باشتر ئەنجام بدرێن و زوو بە زوو ئەو گرفت و رێگرانەدا چارەسەر بکەین کە دێنە ڕێى پرۆژەکان و کاریگەرییان دەبێت لەسەر پرۆژەکان، بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیرى و پشتیوانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ پرۆژەکان و خێراتر و باشتر ئەنجامدانیان دووپات کردەوە. |