|
ئەمڕۆ 11/1/2010 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەت و بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەو تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و دەستبەکارکردنەوەی کەمپی زانکۆی سلێمانی کراو پڕۆژە یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان- یش پەسەند کرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد کەئێمە لەبەردەم پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی چارەنووسازادین، ئەرکی سەرشانی حکومەت ئەوەیە زەمینەی هەڵبژاردنێکی رێکوپێک بڕەخسێنێت، بەرەچاوکردنی بنەما دیموکراسی و ئەمنیەکان.
دواتر سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان هێرش موحەرەم پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی لەهەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە حکومەتی هەرێم ساڵانە 300 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات و هاووڵاتیان بێ هیچ پێشەکیەک دەتوانن خانوو لەکۆمپانیا وەبەرهێنەکان بکڕن، حکومەتی هەرێمیش بڕێک پارە وەکو یامەتی بۆ پێشەکی خانووەکان بەهاووڵاتیان دەدات بەم شێوەیە: بۆ شارەکان10% ، بۆ قەزاو ناحیەکان 15% و بۆ گوندەکانیش 20% تێچوونی خانووەکان، ئەوەی تریش بەشێوەی قیست درێژخایەن دەدرێت بۆ ماوەی دەساڵ، کەئەمە یەکەم جارە هاوکاری حکومەت بەم شێوەیە دەگاتە دێهاتەکان و دانشتوانی گوندەکان دەتوانن لەبڕیارەکانی حکومەت لەبواری نیشتەجێبوون سودمەند بن.
حکومەتی هەرێم لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی 10 ساڵ نرخی سوودی پڕۆژەکەش بگرێتە ئەستۆی خۆی، وەکو یارمەتیدانی چین و توێژە هەژار و کەمدەرامەتەکان، بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەت هاووڵاتیان تا ماوەی 10 ساڵ هیچ پارەیەک لەجیاتی ئەو قەرزە نادەن کەلەێندوقی نیشتەجێبوون وەریدەگرن، هەر بەگوێرەی پڕۆژەکەی دەستەی وەبەرهێنان پێویست دەکات وەبەرهێنەکان سەرجەم پێداویستیەکانی مۆڵەتەکە لەپێشدا ئامادەبکەن و سەرچاوەی دارایی پڕۆژەکەش ئاشکرا بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ بانکێکی رەسمی پاڵپشتی لایەنی وەبەرهێن بکات و رێگەش نادرێت پارەی پێشەکی لەهاووڵاتیان وەبگیرێت.
لەو پڕۆژەیەی دەستەی وەبەرهێناندا کەلەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند کرا، حکومەت کار بۆ ئەوەدەکات لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا کێشەی نیشتەجێبوون لەکوردستان چارەسەر بکات کەخۆی لەدورستکردنی سەد هەزار خانوو دەبینێتەوە، دەستەی ناوبراویش پێشنیازی کردووە بڕی تێچوونی هەر خانوویەک لە 40000 چل هەزار دۆلار تێپەڕ نەکات، لەوبارەیەوە د. بەرهەم ئاماژەی بەوەکرد کابینەی پێشوو کاری گەورەی ئەنجامدا و خزمەتی زۆری بەهاووڵاتیان کرد، ئێستاش حکومەتی هەرێم گرنگی زیاتر بەو دەسکەوتانە دەدات و باشتر خزمەتی خەڵک دەکات، د. بەرهەم ئەم بڕیارانەی حکومەتیشی بەدەسکەوتی گەورە وەسفکرد لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و خزمەتکردنیان.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، بەگوێرەی ئەو یاسایە پێکهاتەی وەزارتی دارایی لەسەرانسەری هەرێم یەک دەخرێت و شێوازی کارکردنی بانکەکانیش لەهەولێرو سلێمانی وەکو دەکرێ بەیەک، لەوباریەوە د.بەرهەم ئەحمەد ێاڵح ووتی ئەم پڕۆژە یاسایە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنەوەی یەکجارەکی دارایی هەرێم و دەربازبوون لەمۆرکی دوو ئیدارەیی.
هەر لەدرێژەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا کارکردن لەکەمپی زانکۆی سلێمانی دەست پێبکاتەوەو پێداچوونەوەی پێویست بۆ چۆنیەتی تەرخانکردنی بوودجەکەی بکرێتەوەو گرێبەستەکەش لەلایەن دەستەیەکی شارەزاوە وردبینی بکرێتەوە بۆ ئەوەی هۆکاری کەمووکوڕیەکان دیاری بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری ئاوەدانکردنەوە راسپێردرا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی بکات بۆ دەستبەجێ دەسپێکردنەوە کارەکانی ئەو کەمپەو تەواوکردنی، کەپێداویستیەکی گرنگی شاری سلێمانی هەرێمی کوردستانە.
|