|
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بەریتانیا ئایڤان لویس و سه فيرى بەریتانیا لە عیراق ئەمڕۆ 23/12/2009 سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەولێریان کرد و لە لایەن د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا. لەدیدارێکدا كه تيايدا باس لەگرنگی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا کرا، ئایڤان لویس تەئکیدی لەویستی وڵاتەکەی کردەوە کەخوازیاری پەیوەندیەکی بەهێزە لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بەریتانیا باسی لەوەش کرد کە لەهەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر هەن کەدەکرێ بەهۆیانەوە پەیوەندی هەمەجۆر لەنێوان هەرێم بەریتانیا دروست بکرێت و گەشەی زۆریشی پێ بدرێت.
هەر لەو دیدارەدا بەرپرسە بەریتانییەکە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی دوپاتکردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هاریکاری حکومەتی هەرێم و هاندانی کۆمپانیاو وەبەرهێنە بەریتانیەکان تا بەشداری پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی هەرێم بکەن.
دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەفدەکەی روونکردەوە کەکوردستان بەشێکی گرنگی عیراقەو ئەو دەسکەوتانەی بەدەست هاتوون دەسکەوتن بۆ هەموو عیراق، بۆیە هاریکاری کوردستان و یارمەتیدانی لەبوارە جۆربەجۆرەکاندا، هاوکاری کردنی عیراق و گەشەپێدانیەتی.
د. بەرهەم ساڵح روونیشیکردەوە کەحکومەتی هەرێم خوازیاری ئەوەیە پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ بەریتانیا هەبێت، بەتایبەتی لەبواری گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆکان و بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووری.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا کەدۆخی ئەمنی کوردستان رێگە بەوەدەدات وەبەرهێن و سەرمایەگوزارانی بەریتانیا ڕووی تێبکەن و وەکو دەروازەی عیراق تەماشای بکەن، بەتایبەتی کەژینگەیەکی یاسایی و ئەمنی لەبار بەرقەرارەو رێگە بەوە دەدات چالاکی بازرگانی و سەرمایەگوزاری ئەنجام بدرێت.
د. بەرهەم ئەحمەد ێاڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواشی کرد لەپرۆسەی چاکسازی ئیداری و بونیادنانی سیستمێکی تازەو هاوچەرخ یامەتی حکومەتی هەرێم بدەن.
|