|
ئەمڕۆ 22/12/2009 د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت پێشوازیکرد لەباڵیۆزە تازە دەستنیشانکراوەکانی عیراق و داوای لێکردن نوێنەرایەتی سەرجەم عیراق بکەن بەهەموو جیاوازیەکانیەوە.
لەودیدارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو باڵیۆزە تازە دەسنیشانکراوانەدا کەبڕیارە لەهەندێ وڵاتانی جیهان دەست بەکار بن، روونیکردەوە کەدۆخی تازەی عیراق لەبەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی عیراق دایە، بۆیە ئەرکی پارێزگاری لێکردن و گەشەپێدانی ئەرکی هەمووانە، روونیشیکردەوە عیراق دەکرێ لەرێگەی رێزگرتن لەدەستوور و بەرپاکردنی ژیانی دامەزراوەیی و یاسا زیاتر گەشە بکات و پێشیش بکەوێت.
لەدرێژەی دیدارەکەیدا د.بەرهەم بەباڵیۆزە تازەکانی عیراقی راگەیاند کەبەیەکسانی بێ جیاوازی نوێنەرایەتی عیراق بکەن و هەوڵ بدەن دەنگ و سەنگی عیراق لەکۆمەلًگەی نێودەوڵەتی بەهێز بکەن و وێنەی تازەی عیراقێکی دەستوری و ئیحادی پێشکەش بەجیهانی دەرەوە بکەن. هەروا ئاماژەی بەوەشدا جاران باڵیۆزخانەکانی عیراق لانەی کاری موخابەرایەتی و راوەدوونانی تێکۆشەرانی عیراق بوون لەدەرەوە، بەڵام ئێستا لەو باڵێۆزخانانە نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی عیراق دەکرێت، وەک د. بەرهەم- یش باسی لێوەکرد ئەمە جێگەی خۆشحاڵیە.
نوێنەری باڵیۆزە تازە دەستنیشان کراوەکانیش ئاماژەیان بەوەدا کەهەوڵ دەدەن نوێنەری راستەقینەی سەرجەم پێکهاتەکان بن بەبێ جیاوازی، هەروا بەشێک لەو باڵیۆزانە بەگرنگیەوە باسیان لەئەزموونی هەرێمی کوردستان کردو دوپاتیان کردەوە کەپێویست دەکات ناوچەکانی تری عیراق چاوی لێ بکەن.
|