|
ئەمڕۆ 14/12/2009 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەت و بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەو تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی عیراق و کوردستان کراو تاوتوێی پێشنیاز و داواکاری وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەت سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریکای بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم بەگرنگ وەسف کرد، سەبارەت بەسەردانی تایبەتی د. بەرهەم- یش بۆ بەغدا، تەئکیدکرایەوە کەسەرەتایەکی باش بوو بۆ دروستکردنی متمانەیەکی تازەو دانانی رێوشوێنی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان، لەوباریەوە سەرۆکی حکومەت دوپاتی کردەوە لەسەرجەم کۆبوونەوەکاندا دەستوور وەکو رێگەچارەی کێشەکان باسی لێوە کراو و هەموو لایەک پابەندبوونی خۆی بەدەستوور راگەیاندەوە.
دەربارەی دەرەنجامەکانی سەردانەکەش د. بەرهەم روونیکردەوە بڕیارە بۆ دانانی چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پێشمەرگە بەم زووانە وەفدێکی پسپۆر لەبەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئاماژەی بەوەشدا کەبەشێک لەگرفتە داراییەکان دوای هاتنی وەفدی وەزارەتی دارایی عیراق بەسەرۆکایەتی بەیان جەبر وەزیری دارایی چارەسەر کراون، لەبەغداش گفتوگۆ لەبارەی گرفتەکانی تر کراوە بۆ جێبەجێکردنیان.
هەر لەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەبارەت بەخەرجکردنی دەرماڵەی وانە بێژی بۆ خاوەن بڕوانامە باڵاکانی پەیمانگاو کۆلیژەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بڕیاردرا کەوەکو هاوشێوەکانیان لەوەزارەتی خوێندنی باڵا خەرج بکرێت و جیاوازی تێدا نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ئەوقاف راسپێدرا ژمارەی ئەو خاوەن بڕوانامانەو بڕی دەرماڵەکانیان و ئەو شوێنەی کاری تێدادەکەن پێشکەش بەوەزارەتی دارایی بکات بۆ تاوتوێکردن جێبەجێکردنی لەساڵی داهاتوودا، هەروا بڕیاردرا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەژمارکردنی ئیجازەی عیلمی کەتا کۆتایی ئەمساڵ وەرگیراون لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە وەک دەرچووانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی .
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا لەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا پاریەکی دیاریکراو بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی تەرخان بکرێت و سەرجەم پێوەرەکانیش بۆ دیاری کردنی ئەو مووچانەی لەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خەرج دەکرێن یەک بخرێن و پێداچوونەوە بەمووچە تایبەتیەکانیشدا بکرێت، سەرەڕای یارمەتیدانی ئەوانەی بێکارن بەتایبەتی دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان و راهێنان و پێگەیاندنیان لەبواری جیاجیادا کەبتوانن بەکارامەیی خۆیان لەبوارە جۆربەجۆرەکاندا کاریان دەست بکەوێت، بۆ ئەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لیژنەیەک لەوەزیرانی دارایی و پلاندانان و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی پێکهێندرا.
هەر لەدرێژەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەبارەت بەگەشەپێدانی خوێندنی باڵا تەئکید کرایەوە کەسەربەخۆیی زیاتر بە زانکۆکان بدرێت و زانکۆ ئەهلیەکانیش هانبدرێن، بەڵام دەبێ بەگوێرەی ئەو پێوەرانە کار بکەن کەبۆیان دیاری دەکرێت، سەبارەت بەراگرتنی خوێندنی کۆلیژەکانی کۆلیژی دەرمانسازی هەردوو زانکۆی شاهانەی بەریتانی و جیهان و پزیشکی دانسازی لەهەردوو زانکۆی ئیشق و هەولێر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەگرنگی رەچاوکردنی پێوەرە زانستی و ئەکادیمیەکان کرد، سەرەڕای دابینکردنی پێداویستی و تاقیگەی پێویست، کەلەو کۆلیژانەدا لەبەرچاو نەگیراون، تەئکیدیشی کردەوە کەوەزارەت بەرژەوەندی و ئایندەی خوێندکاران لەبەرچاو دەگرێت و کار بۆ ئەوە دەکات مافیان پارێزراو بێت.
دواتەوەری کۆبوونەوەکە بریتی بوو لەتاوتوێکردنی بڕیاری دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کەسەر بەسەرۆکایەتی حکومەت دەبێت، بۆ گرنگی دان بەماف و رۆڵی ئافرەت و پڕکردنەوەی کەموکوڕیەکانی ئەو بوارە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەوبارەیەوە رایگەیاند: مەبەست لەدانانی ئەنجومەنێکی لەو جۆرە ئەوەیە کەسەرجەم حکومەت بەوەزارەتەکانیەوە سازبدات بۆگرنگیدان بەپرسی ژنان و لەنزیکەوە کار کردن بۆ زەمینە خۆشکردن لەبەردەم رۆڵی کاریگەری ژناندا.
هەر سەبارەت بایەخی ئەو ئەنجومەنە د.بەرهەم روونیکردەوە کەپیَِشنیاز و پڕۆژە پێشکەش بەحکومەت دەکات بۆ ئەوەی زیاتر هاوکاری ئافرەتان بکرێت و مافەکانیان زیاتر پارێزراو بێت و رێگە لەهەر توندوتیژی و سەرپێچیەک بگرێت بۆ سەر ماف و کەسایەتیان، هەروا ئاماژەی بەوەکرد گەشەپێدانی ژنان و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار لەبەردەمیان یەکێکە لەئەرکە سەرەکیکانی حکومەت.
بەگوێرەی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەو ئەنجومەنە لەوەزیرانی ناوخۆ، داد، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی، پەروەردەو رۆشنبیری پێک دێت، سەرەڕای دیاریکردنی سکرتێری ئەنجومەنەکە و 7-9 ئەندام.
|