|
ئەمڕۆ 7/12/2009 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەت و بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووە و گفتوگۆ دەربارەی دۆخی کارەبا و پڕۆژەی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بەباشتر کردنی سیستمی خوێندنی باڵا و گرنگیدان بەکۆنترۆلی جۆری لەکوردستان و پڕۆژە یاسای بودجە کرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەت پەسەندکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن بەدەسکەوتێکی گرنگ بۆ عیراق زانی، روونیشیکردەوە بەهۆی یەکڕیزی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەتوانرێت دەسکەوتی زیاتر بەدەست بهێنین.
دواتر وەزیری کارەبا راپۆرتێکی زارەکی سەبارەت بە گرفتەکانی بواری کارەباو چۆنیەتی چارەسەرکردنیان خستە روو، هەروا باس لەو کوژانەوەیەش کرا کەرۆژانی چەژن روویدا، لەوباریەوە وەزیری کارەبا روونیکردەوە کەبەهۆی بەکارهێنانی زۆری کارەبا ئەو گرفتە روویداوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت ئامادەیی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دابینکردنی پێداویستەیەکانی بواری کارەبا خستە ڕوو، بەتایبەتی دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستەگەکانی بەرهەمهێنان، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان کارەبای پێویستیان پێ بدرێت، راشیگەیاند: نابێت جارێکی تر کوژانەوەی لەو جۆرە دووبارە ببیێتەوە، وەزارەتی کارەباشی راسپارد کەبەشێوەیەکی جێگیرو بەگوێرەی توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکان، کارەبا بەهاووڵاتیان بدات.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بوو بەتاوتوێکردنی پڕۆژەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەژێر ناوی "روانگەیەک بۆ خوێندنی باڵاو پلاندانان بۆ کێشەی قوتابیان لەساڵی ئایندە"دا، ئەو پڕۆژەیە بەهەندێ دەسکاری و تێبینەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە سەربەخۆیی کارکردن و پێشبرکێ و گەشەپێدانی توانا زانستی ئەکادیمیەکان دەدرێتە زانکۆکان و بەربە هەموو دەستوەردانێکی حزبی لەکاروباری زانکۆیی دەگیرێت و رێگە نادرێت بەهیچ شێوەیەک بارەگای حزبی لەحەرەمی زانکۆکاندا هەبێ، سەرەڕای دانانی پێًوەری دیاریکراو بۆ دەستنیشانکردنی پلە ئیداریەکانی زانکۆکان، کەبەگوێرەی ئەو پێوەرانە کەسی شیاو دەستنیشان دەکرێت.
خاڵێکی تری ئەو پڕۆژەیە کەلەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، هاندانی زانکۆ ئەهلیەکان بوو کەبەگوێرەی پێوەر گشتیەکان کاربکەن و بەئاستێکی بەرزی زانستی و ئەکادیمی خوێندکار پێبگەیەنن، هەروا لەپڕۆژەکەدا هاتووە کەزانکۆکان بەگوێرەی پێداویستی بازاڕو دامەزراوەکان، خوێندکار وەربگرن، لەوباریەوە هەماهەنگی نێوان زانکۆو بازاڕی کوردستان بەگرنگ وەسفکراوە.
هەر لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ لەبارەی گەشەپێدانی کۆنترۆڵی جۆری و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بەوبوارە کرایەوە، وەزیری پلاندانان باسی لەرێوشوێنی کاکردنی کۆنترۆڵی جۆری کردو دیاریکردنی لیژنەیەکی تایبەت بەکۆنترۆڵی جۆری لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەگرنگ زانی.
لەدوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی سەبارەت بەئامادەکاری پڕۆژە یاسای بودجە خستە ڕوو کەکارکردن تیایدا بەردەوامەو هەوڵ دەدرێت لەئایندەدا تەواو بکرێت و بخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، کەهەوڵدراوە لەو بودجەیەدا خەرجی کارپێکردن کەمبکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی وەبەرهێنان، هەر لەوکۆبوونەوەیەشەدا بڕیار درا لەسەرجەم وەزارەت و دەزگا حکومەیەکاندا رێگە لەزێدە مەسرەفی بگیرێت و لەپێناو دابینکردنی بودجە بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکاندا.
|