|
ئەمڕۆ 6/12/2009 د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاویکەوت بە"فرانک بەیکر " بەرپرسی دۆسیەی عیراق لەوەزارتی دەرەوەی بەریتانیاو وەفدێکی هاوڕێ و لەدیدارێکدا باس لەپەیوەندی نێوان وڵاتی بەرتیانیاو هەرێمی کوردستان کرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا د.بەرهەم پەیوەندی نێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستانی بەگرنگ وەسفکرد و دوپاتیکردەوە کە بەریتانیا دەتوانێ لەزۆر لایەنەوە یارمەتی کوردستان و عیراق بدات.
سەبارەت بەپەیوەندی ئابووری نێوان هەردولا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کەکوردستان لەرووی یاسایی و ئابووریەوە زەمینەیەکی لەبارە بۆ کۆمپانیاو سەرمایەی بەریتانی کەرووی تێبکەن و وەکو دەروازەیەکی گرنگی عیراق سەیری بکەن، لەوباریەوە فرانک بیکەر روونی کردەوە کەکۆنفرانسێک لەلەندەنی پایەتەختی وڵاتەکەیان دەبەسترێت بۆ هاندانی کۆمپانیا بەرتیانییەکان بۆ ئەوەی بێنە کوردستان و سەرمایەی خۆیان تێدا بخەنە گەڕ، چونکە بەگوێرەی وتەکانی وەفدی میوان لەهەرێمی کوردستاندا دۆخی ئەمنی جێگیرو لەبارەوە ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان لەئارادایە.
دەربارەی چۆنیەتی گەشەپێدانی پرۆسەی سیاسیی و چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان پێکهاتەو لایەنە جیاوازەکانی عیراق- یش هەردولا هاوڕٍابوون کەلەرێگەی گفتوگۆو لێک تێگەیشتن چارەسەر بکرێن. |